لە سلێمانی
چاڵەکان پڕکرانەوە بەڵام گلەیی دوکاندارەکانی بەدوادا هات
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
شارەوانی سلێمانی دەستیکردووە بە پڕکردنەوەی سەرجەم ئەو چاڵ و چۆڵیانەی لە شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازی سلێمانیدا ھەن، بەڵام دوکاندارەکان گلەییان ھەیە.
سەلام عەلی، دوکاندار لە ناوچەی پیشەسازی بە 964 وت، ئەمڕۆ تیمی شارەوانی چاڵ و چۆڵی ناوچەی پیشەسازیان چاک کرد، بەڵام قیرەکەیان بەسەر چەوری و ئاوی شەقامەکەدا رشت،
ئەو دوکاندارە دەڵێت، گەر ژێر قیرەکە پاک نەکرێتەوە دوای ماوەیەکی دیکە تێکدەچێتەوە.
لەسەر ئەم بابەتە زەردەشت رەفیق وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، تیمەکانی بەشی چاکسازی شارەوانی ھەر شوێنێک چاک بکەن پاکی دەکەنەوە و ھەوای لێدەدەن و پاشان قیری شلی لەسەر دەکەن، دواتر قیرتاوی دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ھەڵمەتی چاککردنی چاڵ و چۆڵی شەقامەکانی ناوچەی پیشەسازی سلێمانی دەستیپێکردووە، بڕیارە سەرجەم کۆڵانەکانی ناوچەی پیشەسازی چاکدەکرێنەوە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی