بازاڕێکی ئەو شارەیە

سێگۆشەی بەرمۆدەکەی هەڵەبجە تازە ناکەنەوە

964+

محەمەد عومەر

ناوبازاڕی هەڵەبجە کە ساڵانێکە هەر بەتەمان چاکی بکەنەوە و رێکی بخەنەوە تا ئێستا هەر نەکراوە و هەر شکڵە کۆنەکەی جارانی هەیە.

لەناو بازاڕدا سێ ریز دوکان هەیە کە لەناو خەڵکدا بە سێگۆشەی بەرمۆدە ناسراوە ئەوە نیو سەدەیە دەوترێت دەڕوخێنرێت و بە شێوازێکی مۆدێرن دروستدەکرێتەوە بەڵام هەر نەکراوە.

دوکاندارێکی ناوبازاڕی هەڵەبجە بۆ 964 قسەدەکات و دەڵێت، “بە بیرەوەری من هەر دەوترێت ئەم سێگۆشەی بەرمۆدەیە دەڕوخێندرێت و چاک دەکرێتەوە، بەڵام هەر نەکراوە”.

سێگۆشەی بەرمۆدە رووبەرێکی زەریاییە لەنێوان کیشوەری ئەوروپا و ئەمریکای باکور، گوایە هەر کەشتی و فڕۆکەیەک بەو ناوەدا تێپەڕێ قووتی دەدات، بەڵام تا ئێستا قسەوقسەڵۆکە و نەسەلمێندراوە.

پەیامنێری 964 لەسەر ئەو بابەتە پەیوەندی بە شارەوانییەوە کرد، ئەوان دەڵێن لە 2013ـەوە 18 ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی ناوبازاڕ تەرخانکراوە، بەڵام دواتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئیشەکە وەستا.

پێداچوونەوە: توانا نەقی