ئاگرەکەی کۆیە کارمەندێکی بەرگری شارستانی خستە نەخۆشخانە

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

به‌هۆى رووداوێكی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ سنوورى قه‌زاى كۆیه‌، كارمه‌ندێكی به‌رگرى شارستانى دۆخى ته‌ندروستى تێكچوو و ته‌نگه‌نه‌فه‌س بوو.

موقه‌ده‌م گۆران ئه‌حمه‌د سماقه‌، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى كۆیه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، دواى دوو كاتژمێر له‌ تێكچوونى بارى ته‌ندروستى كارمه‌نده‌كه‌یان و خه‌واندنى له‌ نه‌خۆشخانه‌، ئێستا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌.

كارمه‌نده‌كه‌ى به‌رگرى شارستانى ناوى نه‌به‌ز سلێمانه‌ و له‌كاتى كۆنتڕۆڵكردنى ئاگرێك كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ له‌گوندى پێبازۆكى سنوورى كۆیه‌ كه‌وتبووه‌وه‌ باری ته‌ندروستى تێكچوبوو.

گۆران ئه‌حمه‌د وتیشی “كارمه‌نده‌كه‌یان تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی بوبوو”.

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22.7.2023 له‌ گوندی پێبازۆک به‌ هۆكارێكی نادیار ئاگرێك كه‌وته‌وه‌، به‌رگرى شارستانى كۆیه‌ش بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ توانیویانه‌ به‌ زووترین كات  کۆنترۆڵى بکەن.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، به‌هۆى زوو كۆنتڕۆڵكردنى ئه‌و ئاگره‌، توانیویانه‌ چەندین دۆنم لەوەرگای ئاژەڵ و چەندان بنەدارى سروشتی و باخچەو خانوو لە سوتان رزگار بكرێن.