داواکاری گشتی سکاڵا لەسەر بەڕێوەبەری خانووبەرەی چەمچەماڵ تۆمار دەکات
+964
فەرمان سادق
دواجار داواکاری گشتی لەسەر هەڵکوتانەسەر بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی چەمچەماڵ هاتەدەنگ و، سکاڵای لەسەر بەڕێوەبەرەکەی تۆمار کرد.
کاوە فەتحی مەعسوم، سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بردنی دۆسیەی مامەڵە لە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ، سکاڵای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە تۆمار کرد.
بەدەنگ هاتنی داواکاری گشتی دوای هەڵکوتانی هێزێکی دەمامکدار دێت لە رۆژی شەشی ئەم مانگە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەماڵ.
لە رەگەیەنراوەکەی داواکاری گشتی هاتووە، ئەو هێزەی هەڵیکوتاوەتە سەر بەڕێوەبەرایەتی خانووبەرەی چەمچەمال، ژمارەیان ٥٠ کەس بووەو ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ دۆسیەیان بردووە، کە سەرجەمیان دۆسیەی ناحیەی قادر کەرەم بووە، ئەمەش دوای شکاندنی قوفڵی ژوورەکانی دۆسیەکان.
دادوەر کاوە فەتحی مەعسوم، سەرۆکی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان لە رێگای جێگرایەتی داواکاری گشتی چەمچەمال بە جولاندنی سکاڵای یاسایی دژ بە ئەنجامدەرانی ئەم کارە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەن و ئەم دۆسیانەش بگەڕێندرێنەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی چەمچەمال.