نۆ ساڵە نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکەی کەلار تەواو نەبووە

964+

هونەر فارس – گەرمیان

وێنە

ماوەی نۆ ساڵە بەردی بناغەی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێڵەیی منداڵان لە کەلار دانراوە، تاوەکو ئێستا تەواو نەبووە، بەرپرسانیش دەڵێن، گرێبەستی پرۆژەکە هەڵوەشاوەتەوە.

پڕۆژەی نەخۆشخانەی ١٠٠ قەرەوێڵەیی منداڵان، لە ساڵی ٢٠١٣ بە گوژمەی ١٧ ملیار دینار بەردی بناغەی دانراوە، لە چوار نهۆم پێکدێت و گرنگییەکی زۆری بۆ گەرمیانییەکان هەیە، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی و نەبوونی پارە لە بانکەکاندا، ماوەی حەوت ساڵە پڕۆژەکە راگیراوە.

شاهۆ عەبدوڵا، یەکێک لەو چالاکوانانەیە کە دوو ساڵی رابردوو لەگەڵ هاوڕێکانی نزیکەی شەش هەزار کەس واژۆیان بۆ دەستبەکارکردنەوە لە پڕۆژەکەدا کۆکردەوە.

ئەو چالاکوانە بە گرنگییەوە باسی پڕۆژەکە بۆ 964+ دەکات و دەڵێت، “نەخۆشخانەکە تەنیا بۆ کەلار نییە، بەڵکو بۆ قەزای کفری و خانەقینیش گرنگیی تایبەتی هەیە، گەر نەخۆشخانەکە تەواو بکرایە لەبری ئەوەی هاوڵاتیان منداڵەکانیان بۆ چارەسەر بۆ سلێمانی ببردایە دەتوانرا لێرە چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت”.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیان ١١٠ پڕۆژە بوونی هەیە، لەو ژمارەیە ٥٧یان کاری تێدا ناکرێت و ٣٦یان هێشتا رانەگەیەندراون، هەروەها پێنج پڕۆژەیان کۆمپانیای جێبەجێکار بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویستەوە دەستیان لە کار هەڵگرتووە، هەروەها شەش پڕۆژەیان گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە، بە گشتیی تەنیا پێنج پرۆژەیان کاریان تێدا دەکرێت.

عومەر وەلی، بەڕێوەبەری پلان و پڕۆژەکان لە ئیدارەی گەرمیان، بۆ 964+ی باسکرد، “ئێمە هەوڵمانداوە جارێکی دیکە نەخۆشخانە ١٠٠ قەرەوێڵەییەکە بخەینە بەرنامەی کارەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە، پڕۆژەمان هەیە تەنیا ١٥٪ی کارەکانی ماوە کەچی ناتواندرێت تەواوبکرێت”.

جێگەی ئاماژەیە، لە ئێستادا نەخۆشخانەکە لە جێگەی چارەسەرکردنی نەخۆش بووەتە جێگەی مەی خواردنەوە و نێرگەلەکێشانی گەنجان و دیوارەکانی نەخشێندراوە بە وێنە و نوسینی شیعر و وتەی ئەو گەنجانەی بۆ خواردنەوە و نێرگەلەکێشان دەچنە ئەوێ.