لە شوێنە گەشتیارییەکان

هاوڵاتیانی هەرێم و بیانی هەمان نرخیان لێوەردەگیرێت

964+

فەهمی نەبی

بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر دەڵێت، لە هەرێم هیچ رێنماییەک نییە لە شوێنە گەشتیارییەکان نرخی کەمتر لە هاوڵاتیانی هەرێم بەراورد بە هاوڵاتیانی بیانی وەربگیرێت.

بە پێی زانیارییەکانی 964، لەهەریەکە لە وڵاتانی تورکیا، ئێران، میسر و چەندین وڵاتی دیکە، بلیتی چوونەژوورەوە بۆ شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارییەکان، بۆ هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان نیوەی ئەو نرخەیە، کە لە گەشتیاری بیانی وەردەگیرێت.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەولێر، بۆ 964 وتی، ئێستا هیچ رێنماییەک لە هەرێم نییە سەبارەت بە جیاوازی نرخ بۆ هاوڵاتیانی هەرێم و ئەو هاوڵاتیانەی وەک گەشتیار دێنە هەرێم.

بە وتەی سیروان تۆفیق، بلیتی چوونە ژوورەوە زیاتر لەو شوێنە گەشتیارییانە هەیە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەکرێن.

یەکێک لەو شوێنە گەشتیاریانەی لە سنووری هەولێر هەیە، گەلی عەلی بەگە، بلیتی چوونەژوورەوە بە 500 دینارە بۆ هەموو کەسێک، پڕۆژەی باخچەی ئاژەڵانیش کە پڕۆژەی کەرتی تایبەتە، بلیتی چوونە ژوورەوە بە پێنج هەزارە بۆ هەموو کەسێک.

ئەو بەڕێوەبەرەی بەشی بەبازاڕکردن دەڵێت، هەر رێنماییەک لەو بارەیەوە دەربچێت، دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیاری لێبدرێت، هەروەها وەزارەتی دارایی رێنمایی پێدەربکات.