راهێنەرەکەیان گلەیی هەیە

لاوانی هندرێن بۆ خولی کوردستان ئامادەیە

+964

هێژا خەسرەو – هەولێر

دوای هەشت مانگ مەشق و راهێنان یانەی لاوانی هەندرێن دوایین ئامادەکارییان بۆ خولی لاوانی نایابی کوردستان بۆ تۆپی پێ ئەنجام دا و تیپەکە بە باشی ئامادەیە بۆ خولەکە.

فەتحی قەرەنی راهێنەری لاوانی هەندرێن لە لێدوانێکدا بە 964ـی وت: تیپەکەمان لەوپەڕی ئامادەباشیدایە، یاریزانانمان ئامادەن و تیپەکەمان بە ماندووبوونێکی زۆرەوە ئامادەکردووە.

ئەو راهێنەرە دەڵێت: باشتر دەبوو ئەگەر یارییەکانی قۆناخی یەکەمی خولەکە زیاتر بووایە، ئەنجامدانی تەنیا چوار یاری لە قۆناخی یەکەمدا زۆر کەمە و جاری وا هەیە تیپ تەنیا لەبەر ئەوەی بەخت یاوەری نابێت، کێشەی بۆ دروست دەبێت یان دەردەکرێت، ئەمەش دەرفەتی خۆچاککردنەوە کەمتر دەکات، یارییەکانیش بە یەک قۆناخ ئەنجامدەدرێن.

فەتحی خەمی یارییەکانیەتی و پێی باش نییە یاریی یەکەم لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بێت و لە یاری دووەمیشدا چاوەڕوان بێت.

گلەییە زۆرەکانی ئەو راهێنەرە لە یانەکانە، کە دەیانەوێت خولەکە زوو تەواوبێت و بە هەموو جۆرە خشتەیەکی یاریکردن رازیی بوون، چونکە باری داراییان باش نییە.

یانەی لاوانی هەندرێن لە رۆژی هەینی داهاتوودا لە یەکەم یارییاندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان، لە کەرکوک بەرامبەر لاوانی خاک یاریی دەکەن و خۆشیان بە بەربژێری بەدەستهێنانی خولەکە دادەنێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا