جوتیارانی کەرکوک ناڕەزایەتییەکانیان دەبەنە دادگای فیدڕاڵی

964+

پێشەوا محەمەد

جوتیارانی کورد و تورکمانی سنووری کەرکوک دوای 45 رۆژ لە مانگرتن رێگای دادگای فیدڕاڵی دەگرنەبەر و سکاڵا تۆمار دەکەن.

کێشەی ئەو جوتیارانە ئەوەیە، زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەویان لێوەرگیراوەتەوە و ناهێڵن ئەو بچنە سەر زەوییەکانیان. هاوکات بە بڕیارێکی رژێمی پێشووی عێراق عەرەبی هاوردە هاتوونەتە سەر زەوییەکان و بە هی خۆیانی دەزانن.

هەفتەیەک بەرلەئێستا دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سەردانی بەغدای کرد و داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقی کرد لە کەرکوک.

مونعیم عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی دوبزی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە 964ـی راگەیاند، لایەنەکانی عێراق کەمتەرخەمبوون لە بەدەمەوەهاتنی جوتیارانی کەرکوک بۆیە ئەوان پەنایان بۆ دادگا بردووە.

وتیشی، “ئێمە پشتگیری هەر هەوڵێکی ئەو جوتیارانە دەکەین و لەگەڵیان دەبین و ئاسانکاریان بۆ دەکەین”.