بۆ مەلەكردن و راوەماسی

رێگری لە منداڵان دەكرێت بچنە سەر رووباری سیروان

964+
كوردستان ئەحمەد

قایمقامیەتی هەڵەبجە دەڵێت، رێگری لەو منداڵ و مێرمنداڵانە دەكەن بچنە سەر رووباری سیروان و مەلە و راوەماسی بكەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك راوچی لە سۆشیاڵ میدیا داوایان لە بەرپرسانی ئیداری هەڵەبجە كردبوو، رێگریی بكەن لەو منداڵانەی دەچنە سەر رووباری سیروان بۆ مەلەكردن و ماسیگرتن.

شاهین حەمەڕەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە  رێگەی 964ەوە وەڵامی داواكارییەكانیانی دایەوە و وتی، “هەوڵی جدیی دەدەین بۆ ئەوەی رێگری لە راوەماسی و مەلەكردن بکەین لە رێگەی پۆلیسی دارستان و چاودێریكردنی كەناراوەكانی رووبارەكەوە، بە تایبەتی لە لایەن منداڵ و مێرمنداڵانەوە.

رووباری سیروان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە لە نزیک سنە و لە چیای چلچەمە نزیک شارەکانی سەقز و دیواندەرەوە ھەڵدەقوڵێت و سەرچاوە دەگرێت، پاشان لە ھەورامانەوە دێتە باشووری کوردستان، لە نزیك ناحیەی سیروان و چەند ناوچەیەكی دیكە، هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش و راوەماسی و مەلەكردن دەچنە سەر رووبارەكە.