یەکێک لە پڕۆژە پیشەسازییەکان - وێنە: socialmedia
لە پڕۆژەكاندا هەولێر پلەی یەكەم و هەڵەبجە پلەی كۆتاییە
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەولێر زۆرترین پڕۆژە و هەڵەبجەش کەمترینی هەبووە. دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، داواکاریان نەبووە.
لەو ماوەیەدا لە هەولێر 120 پڕۆژە بە گوژمەی 10 ملیار و 132 ملیۆن و 477 هەزار و 275 دۆلار جێبەجێ کراون و لە هەڵەبجەش دوو پڕۆژە بە گوژمەی 28 ملیۆن و 363 هەزار و 167 دۆلار جێبەجێ کراون.
هەر لەو ماوەیەدا لە سلێمانی 72 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دۆلار، لە دهۆک 54 پڕۆژە بە زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار، لە ئیدارەی گەرمیان 11 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 391 ملیۆن دۆلار، لە زاخۆ نۆ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 44 ملیۆن دۆلار، لە ئیدارەی راپەڕین پێنج پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیۆن دۆلار و لە ئیدارەی سۆران سێ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون.
“ئەوەی کە هەڵەبجە بۆچی کەمترین پڕۆژەی هەیە پەیوەندی بەوەوە هەیە داواکاریان بۆ پڕۆژە نەبووە”، ئەوە قسەی هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی مۆڵەتە لە دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێم.