پێش وەرزی دابارین 11 گوندەکەی سەیدسادق قیر دەکرێن
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
بڕیارە بەرلەوەی وەرزی دابارین دەستپێبکات، رێگەی هاتوچۆی یانزە گوندی سەیدسادق لە خۆڵەوە بکرێن بە قیر.
نێوانی رێگەکە لە گوندی ناوگردان بۆ ئاوایی حاجی قادری مارف، دوو کیلۆمەتر و 175 مەترە، کە بە گوژمەی 748 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
رۆژی 2.7.2023، دانیشتووانی 11 گوندەکەی سنووری سەیدسادق رێگەی هەڵەبجە بۆ سلێمانییان داخست، داوایانکرد رێگەیان قیربکرێت کەبەبێ بەڵێنی کداری جێیان هێشتووە.
ئەمرۆ شەممە لە سلێمانی، هەشت کەس بە نوێنەرایەتی گوندەکان و قایمقامی سەیدسادق لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە بەڵێنی دەستپێکردن بە کارەکەیان پێدراوە.
بەرهەم حەسەن، یەکێکە لە بەشدارانی کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ بوو بە 964ی وت، “لە کۆبوونەوەکە وەزیری ئاوەدانکردنەوە، لەگەڵ وەزیری دارایی و بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی قسەیکرد و بەڵێنی خەرجکردنی گوژمەکەی داوە”.
ئەوەشی وت، “بڕیارە لەماوەی دوو مانگی ئایندە رێگاکە قیرتاوبکرێت، ئەگەر کۆمپانیای جێبەجێکار یان بەڕێوبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی بەکارەکە هەستابن، پێش وەرزی دابارین کۆتایی بەکارەکانی بهێنن”.
رێگەکە سەرەکییە و هاتوچۆی خەڵک و جوتیار و ئاژەڵدارێکی زۆری لەسەرە، گوندەکان پێکهاتوون لە، (ناوگردان، ئاوایی قادری مارف، شاملوو، بیەڕەشکە، شاتوان، دۆڵاش، گردی سایق، گردی شەریف، مەستەکانی حاجی ئەحمەد، مەستەکانی مەلا عەلی، قاجر و کشەدەری).
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی