وێنەی "حەمە گیان" پەرێشانە بەدەست ئازاری قاچی. وێنە: قایمقامیەتی سلێمانی
یەکێک لە قاچەکانی “حەمە گیان” تووشی هەوکردنێکی زۆر بووە
چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
تیمێکی قایمقامیەتی سلێمانی درەنگانی شەوی رابردوو چوون بەهانای دۆخی سەختی “حەمە گیان” کە بەخشراوێکی سلێمانیە.
ئەو تیمەی قایمقامیەتی سلێمانی لەرێگەی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆیەک دەزانن حاڵی “حەمە گیان” پەرێشانە، لە ڤیدیۆکە دەردەکەوێت لەبری ئەوەی گۆرانی بڵێت لە سوچێکی کۆڵانی سابونکەران دانیشتووە و لەتاو ئازاری قاچەکانی هاوار دەکات.
رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە 964ی وت، ” دوێنێ د.باوان عەبدولڕەحمان، لە لیژنە هاوبەشەکان کاک ئاواتی قایمقامی ئاگادار کردبوووە، کە حەمە گیان نەخۆشە، هەربۆیە رایسپاردین بەخێرایی بیبەین بۆ نەخۆشخانە”.
بە وتەی رێکان جەمال بێت، “دوای گەشتنیان ئەوەی قورسبوو بۆ لیژنەکە بڕوا هێنان بوو بە حەمەگیان کە نەخۆشە، رازی نەدەبوو”.
“بەناچاری پەیوەندیم بە بە مامۆستا فایەق و کاک فەرهەنگ کرد، ئەوان دوو کەسایەتی شاری سلێمانین و لەنزیکەوە چاودێری حەمەگیان دەکەن، بۆ ئەوەی هاوکاربن لە گەیاندنی بە نەخۆشخانە” رێکان جەمال وای وت.
بەوتەی دکتۆر ئومێد عەلی، بەرێوبەری نەخۆشخانەی شار بێت لە سلێمانی، “بەهۆی زۆر بەپێوە وەستان و پشوو نەدان، قاچی چەپی حەمەگیان، توشی هەوکردنێکی زۆر بووە هەر بۆیە ئاوسایەکی نائاسایی پێوە دیار بووە”.
بەرێوەبەری نەخۆشخانەی شار ئەوەشی وت، “لەکاتی هەبوونی ئەو جۆرە هەوکردنە زۆرە ناتوانرێت نەشتەرگەری بۆئەنجام بدرێت، پێویست بەوە دەکات رۆژانە لە رێگەی تەداویکردنەوە چارەسەری بۆبکرێت تا چاکدەبێتەوە، بۆیە پێویست دەکات دوو بۆ پێنج رۆژ لەنەخۆشخانەی شار بمێنێتەوە”.
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شار، لەگەڵ رەچاوکردنی دۆخە بەخشراوییەکەی ژورێکی تایبەتی بۆ دابینکراوە، لەلایەن پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکەوە تا بەتەواوی چاکدەبێتەوە چاودێری دەکرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی