داوادەکەن گەنمەکەیان وەربگیرێت
جوتیارانی هەولێر لە حەوشەی سایلۆ گردبوونەوە
ژووری هەواڵ
ئەمڕۆ هەینی، سەدان جوتیاری ناوچەکانی کۆیە، هەریر، شەقڵاوە، بنەسڵاوە و قوشتەپە چوونە حەوشەی سایلۆی گەنمی هەولێر و داوایان کرد بەرهەمەکانیان لێوەربگیرێت.
بەپێی زانیارییەکانی 964، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە گەنمێک لەو جوتیارانە وەرنەگیراوە.
ئەوان پێشتریش ناڕەزایەتیان دەربڕیوە، بەڵام ئەمڕۆ دەرگای سایلۆیان تێپەڕاند و چوونەتە ناو حەوشەکە.
شیراز عەبدوڵا پەیامنێری 964 لەناویاندایە، ئەو دەڵێت، “جوتیارەکان زۆر نیگەران توڕەن”.
هەروەها باسی لەوەشکرد، 200 بۆ 250 بارهەڵگری گەنم دەبینێت لەو دەوروبەرە کە ماوەیەکی زۆرە وەستاون و تا ئێستا گەنمەکانیان لێ وەرنەگیراوە.
بەرپرسانی سایلۆی هەولێر هۆکاری وەرنەگرتنی دەغڵودانەکە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی کە ناتوانن لەو بڕەی بۆیان دیاریکراوە زیاتر وەربگرن.
لەم کۆتاییانەدا بڕی وەرگرتن لە سایلۆکە زیادکرا بۆ 145 هەزار تۆن و بە قسەی بەرپرسانیش ئەو بڕە وەرگیراوە، ئیتر مەگەر حکومەتی عێراقی داوای گەنمی زیاتر بکات.