جوتیارێك لەكاتی كاركردن لە باخەترێكەیدا، وێنە:964
زەویەكە ماددەی ئاسنی كەمە
ئەمساڵ بەشێك لە ترێی ئامێدی نەخۆشە
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
بەهۆی خراپیی كەشوهەوا و كەمیی مادەی ئاسن لە خاكدا، بەشێكی زۆر لە ترێی ئەمساڵی ئامێدی نەخۆشە، بەڵام نەخۆشییەکە مەترسیدار نییە و پێشتریش هەبووە.
هەکار حەمید رەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزای ئامێدی بە 964ی وت، 13 دۆنم ترێمان بەسەركردەوە، بەشێك لە ترێكە نەخۆشە بەهۆی كەمی ماددەی ئاسن و خراپی كەش و هەواوە بەدواداچوونی بۆ دەكەین وسەرچاوەی كێشەكەش دەدۆزینەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرهەمی ترێ، وەزارەتەكەیان لەساڵی 2009 تاوەكو 2013 لەرێگەی دابینكردنی نەمام و رێنماییكردنی جوتیاران بۆ شێوازی تازەی چاندن و هەڵپاچین، دابەشكردنی زیاتر لە 129 هەزار دینگەی كۆنكریتی بۆ پەیڕەوكردنی شێوازی پەروەردەكردنی مێو لەسەر تەل، پاڵپشتی چاندنی رووبەری 247 دۆنم زەوی بەباخی مێو بۆ 205 جوتیاری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی كردووە.
وتیشی “لەرێگەی ئەم شێوازەوە دەتوانرێت زۆرترین داری مێو لەكەمترین رووبەر بچێنرێت و بڕی بەرهەمیش بۆ دوو بەرامبەر زیاد دەبێت”.
لە هەرێمی كوردستان 70 جۆر ترێ هەیە، لە ئامێدی هەشت جۆریان زۆر بەناوبانگن، پێیان دەوترێت، رەشمیری و ترێ سپی و زەردە ترێ و ترێی بێناوك و ترێی سور و قەریخانە و مەبرە و كێڕمێلە.