نەوتی رەش و نەوتی خاو جیاوازیان چییە؟

964+

شارەزایانی بواری دارایی و نەوت رایانگەیاندووە، ئەو نەوتە رەشەی ئێران لە بەرامبەر غاز لە عێراق وەریدەگرێت، بۆ پیشەسازی و کارگەکانی بەکاری دەهێنێت، بە تایبەت بە وڵاتانی جیهانی سێیەم، کە بەهاکەی نیوەی بەهای نەوتی خاوە.

لە عێراق ئەو نەوتە رەشە بۆ پیشەسازیی کارگەکانی کەرپووچ، چیمەنتۆ، لە هەندێک شوێن تێکەڵی گازوایل دەکرێت بۆ کارپێکردنی مۆلیدەی کارەبا بەکاردێت.

زیاد تورکی، شارەزایی داراییە و لە بواری نەوت کار دەکات، بۆ 964 دەڵێت، “رۆنی رەش پێکهاتەی نەوتی خاوە، دوای یەکەم کرداری پاڵاوتن دەردەهێنرێت، لە دروستبوونی قیر سوودی لێدەبینرێت، هەرزانترین جۆری سووتەمەنییە، لە پاڵاوگەکانی نەوت و بەڕێوەبردنی وێستگەکانی کارەباشدا سوودی لێ وەردەگیرێت”.

نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووری لە دیدارێکی میدیاییدا دەڵێت، عێراق رۆژانە 180 هەزار بەرمیل نەوتی رەش بەرهەم دەهێنێت، ئەم جۆرەی نەوتە هەرزانە و نرخی نیوەی نەوتی خاوە، بەمەش عێراق دەتوانێت لە ناوچەی میختاف لە کەنداوی عەرەبی بۆ سووتەمەنی تانکەرەکان بەکاری بێنێت.

پێناسەی زانستی بۆ نەوتی رەش ئەوەیە، کە لە کرداری پرۆسەی نەوتی خاودا دەردەهێنرێت، ئەمەش بە گوێرەی سەرچاوە بەردەستەکانی ئەو بوارە.