دیمەنی پارکی شار لە هەولێر. وێنە:964
964 بەدواداچوون بۆ کەمئاویی گەڕەکێکی هەولێر دەکات
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: مۆلیدە بۆ بیرەکەیان دابین دەکەين
فەهمی نەبی
چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی (فەرمانبەرانی هەشت هەزاری) هەولێر دەڵین، دوو مانگ و نیوە بۆڕی کۆڵانەکانیان ئاوی پێدا نەهاتووە، 964 بەدواداچوونی بۆ سکاڵای ئەو ماڵانە کرد.
زەردەشت عەبدولخالق سەرسام، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، هیچ گەڕەکێک لە هەولێر بێ ئاو نییە، ئەوەی هەیە چەند کۆڵانێک لە گەڕەکێک بێ ئاون و کێشەکە ئەوەیە کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە، ناتوانرێت بەردەوام بیرەکان پێبکرێن.
دانیشتووانی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەشت هەزاری دەڵێن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاویان کردووە و داوایان کردووە کارەبای مۆلیدە بۆ بیرەکەیان دابین بکرێت.
زەردەشت عەبدولخاڵق دەڵێت، لەو گەڕەکە ئەو کۆڵانانەی کەوتوونەتە سەر بیری ژمارە 24، دووریی بیرەکە لە مۆلیدەی ئەهلی 850 مەترە، بە پێی ستانداردی دیاریکراو نابێت لە 700 مەتر زیاتر بێت، بۆیە ئەگەر لەو رێژەیە زیاتر بێت، ڤۆڵتیەی کارەباکە زۆر کز دەبێت و سوودی نابێت و ناتوانرێت بیرەکە بە کارەبای مۆلیدە ئیشی پێبکرێت.
964 لە بەڕێوەبەری ئاوی هەولێری پرسیوە، چارەسەری بەپەلە بۆ ئەو حاڵەتانە چییە؟ زەردەشت عەبدولخاڵق دەڵێت، “با نوێنەری ئەو کۆڵانانە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو بکەن، هەوڵ دەدەین کە مۆلیدەی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیەکانمان بگوازینەوە بۆ ئەو شوێنە”.
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر دەڵێت، خەڵک هەیە هیچ رەحم بە ئاو ناکات، ماڵ هەیە لە خوارەوە تانکییەکەی کردووەتەوە و مزەخەی داگیرساندووە، بۆ ئەوەی ئاوی تانکیەکە فێنک بێتەوە، یان بەردەرگا شووشتن، هەموو ئەو دیاردانە هۆکارن بۆ ئەوەی ئاو نەگاتە کۆڵانەکانی دیکەی ئەو گەڕەکانە.
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا رێنمایی نوێ لە پارێزگاوە بۆ ئەو ماڵانە دەربچێت، کە ئاو بەفیڕۆ دەدەن، پێبژاردنیان پێدەکرێت، ئەمەش بە گوێرەی یاسای ژمارە چواری ساڵی 2021، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر وای وت.