سیروان بارزانی: مانگێكە بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی بڕاوە

964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

سیروان بارزانی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، مانگێكە بەشێوەیەكی كاتیی بودجەی دژەتیرۆری یەكێتی بڕاوە.

سەرەتای ئەم هەفتەیە شاندێکی باڵای سەربازی و ئەمنی هەرێمی کوردستان کە لە فەرماندە باڵاکانی یەكێتی و پارتی پێکهاتوون سەردانی هەنگاریایان کرد بە مەبەستی پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی دژەتیرۆری كوردستان.

سیران بارزانی كە نوێنەرایەتی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە قسەی بۆ دەنگی ئەمریكا كردووە و دەڵێت، “سەرەڕای ئاڵۆزییەكان لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، بەڵام تیمە سەربازییەكان وەك برا پێكەوە كاریان كردووە”.

ئەو دەڵێت، ئەوەندەی ئەو ئاگادار بێت، ماوەی مانگێكە بودجەی هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی بڕاوە و بڕیارەكەش كاتی دەبێت ئەگەر چاره‌سه‌ر بدۆزرێته‌وه‌.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سیروان بارزانی گەشبینیی خۆی دەردەخات بەوەی کێشەی نێوان حزبەکەی و یەکێتی چارەسەر ببێت، بە قسەی ئەو “ئەگەر چارەسەر نەبێت، ئەوا كاریگەریی لەسەر پێگەی هەرێمی كوردستان دەبێت”.

لە دوای رووداوی كوشتنی هاوكار جاف، کە ئەفسەری ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بوو لە ٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٢ لە هەولێر، ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی رووی لە زیادبوون كرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.