سەرنشین وەردەگرن پاشان بەنزین تێدەكەن

964+

مەجید بتوێنی – راپەڕین
بەشێك لە شۆفێرەكانی هێڵی پاسەكانی رانیە بۆ سلێمانی و بەپێچەوانەوە لە تێرمیناڵ دوای ئەوەی سەرنشینەكانیان وەردەگرن پاشان دەچن بۆ وەرگرتنی بەنزین.

محەمەد حەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی راپەڕین بە 964ی وت، ئەوان ئاگاداری ئەوە نەبوون پاسەکان دوای هەڵگرتنی نەفەر بەنزین تێدەکەن، ئەمە جێگای قبوڵ نییە بۆیە بڕیارو رێنمایی تازە دەردەکەن بۆ سەرجەم شۆفێرانی تەکسی وپاسی تێرمیناڵی رانیە تا دوور بکەونەوە لەوکارە پڕ مەترسییە.

شۆفێرەكان دوای كۆكردنەوەی پارەی سەرنشینەكان بەڕێدەكەون و لە ناو رێگەكاندا لە بەنزینخانەكاندا دەوەستن و بەنزین وەردەگرن.

سەربەست عەلی، پاسی پێیە لەسەر رێگەی سلێمانی بۆ رانیە وتی، “من چەندین جار ئەم كارەم كردووە ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە ئاسانكاری بۆ خۆم بكەم چونكە پێشتر ناتوانم بچم بۆ وەرگرتنی بەنزین”.

هێڵی گواستنەوەی رانیە بۆ سلێمانی بە تەكسی و بە پاسە، هێڵەكە بە دوو كاتژمێر تەواو دەبێت، نرخی گواستنەوە بە پاس لە رانیە بۆ سلێمانی شەش هەزار دینارە و بەتەكسیش بە حەوت هەزاردینارە.
پێداچونەوە: كوردستان ئەحمەد