وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم ٨ هەزار کرێکاری بیانیی تۆمار کردووە

هێنانی کرێکاری بیانی قەدەغە دەکرێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

حکومەتی عێراق هێنانی کرێکاری بیانیی قەدەغە کرد، لە هەرێمیش وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هێنانی ئەو کرێکارانەی بە رێژەی ٧٥٪ کەم کردووەتەوە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لەمەودوا هێنانی کرێکاری بیانی بۆ ناو عێراق قەدەغەیە، هۆکارەکەشی بۆ زۆریی دەستی کاری بیانیی لە عێراق گەڕاندووەتەوە، کە بووەتە هۆکاری کەمکردنەوەی هەلی کار بۆ دانیشتوانی عێراق.

لە بەرامبەردا وەزارەتی کار و کاروباری حکومەتی هەرێم دەڵێت، هێنانی کرێکاری بیانییان قەدەغە نەکردووە، بەڵام بە ڕێژەی ٧٥٪ کەم کراوەتەوە.

“هەموو کارگە و کۆمپانیاکان بڕیاریان بۆ چووە، تەنها دەبێت ٢٥٪ـی دەستی کاریان بیانی بێت و ئەوەی تری کورد بێت، ئەوەش هێنانی کرێکاری بیانی ٧٥٪ کەم دەکاتەوە”، ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم وای بە 964+ وت. دەشڵێت، ئێستا لە وەزارەتی کار هەشت هەزار کرێکاری بیانی تۆمار کراون، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کشتوکاڵیش کرێکاری بیانییان لا تۆمارە.