موچەیان ملیۆن و نیو دەبێت
بەرگری عێراق خولێکی سەربازی بۆ دەرچووی زانکۆکانی هەرێم دەکاتەوە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزارەتی بەرگری عێراق خولێکی پێگەیاندن بۆ ئەو کەسانە دەکاتەوە کە هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسن و لە دەرچوانی کۆلێژە مەدەنیەکانن، ئەمە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بە 964ی وت، خولەکە ماوەی شەش مانگ بۆ دوو ساڵ دەخایەنێت و بەشداربووان ئەگەر لە هەرێمی کوردستان بن، لەکاتی خولەکەدا مانگانە 400 بۆ 500 هەزا دینار وەردەگرن.
“لەدوای تەواوکردنی خولەکە، دەرچووان وەک ئەفسەر دادەمەزرێن، ئەگەر سەر بە حکومەتی عێراق بن، موچەکەیان یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار دەبێت، ئەگەریش سەر بە هەرێم بن لە 700 هەزار زیاتر وەردەگرن”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.
شوێنی پێگەیاندنی ئەفسەرەکان لە ئەکادیمیای سەربازی یەک لە رۆستەمیەی بەغدا دەبێت.
دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمی وەزارەتی بەرگری عێراقەوە، بەشێوەی ئەلیکترۆنی فۆڕمی پێشکەشکردن پڕ بکەنەوە.
وەزارەتی بەرگری عێراق هەشت مەرجی بۆ ئارەزوومەندان داناوە کە ئەمانەن:
1 – عێراقى بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت.
2 – 20 ساڵی تەمەنی تەواو کردبێت و لە 26 ساڵیش زیاتر نەبێت کاتی دەرچوونی لە خولەکە.
3 – رەوشت بەرز و ناوبانگ و رەفتارباش بێت و پێشتر حوکم نەدرابێت بە تاوانی کەتن و کەتنی ئابڕوبەر، یاخود تاوانەکانی تیرۆر، یاخود تاوانەکانی پەیوەست بە ئاسایشی وڵات لە ناوەوە و دەرەوە.
4 – هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت لە یەکێک لە کۆلێژە مەدەنیەکانی حکومی یان ئەهلی، کە باوەڕپێکراو بێت لەلایەن وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
5 – لە هیچکام لە خولە کراوەکانی کۆلێژە سەربازیەکانی تر دەرنەکرابێت، یان نەكەوتبێت، یان (فاشل) نەبوبێت لە خوێندن، یان بەهۆی تاوانی نەهاتن ( غایب) و هەڵاتن لە سوپا.
6- مەرجەکانی لەش ساغی و سەلامەتی و تەندروستی و دەرونی تێدابێت وکەمئەندام نەبێت و تاتۆ لەسەر جەستەی نەبێت.
7 – باڵای لە 165 سانتیمەتر کەمتر نەبێت .
8 – کەسی پێشکەشکار دەخرێتە ژێر پشکنینی پزیشکی تایبەت بە بەکارهێنانی مادەهۆشبەرەکان و ئەومادانەی، کە کاریگەریان لە سەر مێشک (عەقڵ)هەیە.