قوتابخانەیەک کەرنەڤاڵی هونەری بۆ قوتابیان کردەوە

964+

سەعید محەمەد – هەولێر

قوتابخانەی سەرەتایی زێی گەورەی کچان، لە سنوری پەروەردەی خەبات کەرنەڤاڵێکی هونەری بۆ قوتابیان کردەوە، کە تیایدا قوتابیان کاری دەستی خۆیان نمایشکرد و کەلوپەلی فۆلکلۆری و چالاکی جۆراوجۆر نمایشکران.

پشتیوان ساڵح، بەرپرسی چالاکییە هونەرییەکانی پەوەردەی خەبات، بە 964+ـی وت؛ ئێمە لە پەروەدەی خەبات ساڵانە دوو جۆر چالاکیمان هەیە، یەکەمیان بەپێی پلانی ساڵانە لەناو هۆڵی دیوانی پەروەردە و دووەمیان چالاکی قوتابخانەکانە، بۆ ئەم ساڵ بە پێی پلانی ساڵانە سێ کەرنەڤاڵمان ئەنجامداوە لەسەر ئاستی پەروەردە، بەڵام ئەم کەرنەڤاڵەی قوتابخانەی زێی گەورەی کچان، یەکەمجارە لەسەر ئاستی قوتابخانەکان ئەنجام بدرێت، بە مەبەستی فێرکردن و ئاشناکردنی قوتابیان بە کەڵەپوری کوردی.

وتیشی؛ ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ قوتابیانی سەرەتایی کە هانی ئەوە بدرێن گرنگی بە کاری دەستی و تواناکانیان بدرێت، قوتابیان بە کارە جوانەکانیان سەرنجی ئامادەبووانیان بۆلای خۆیان راکێشا کە بە دەست و سەلیقەیەکی هونەری جوان کارەکانیان نمایشکرد.

باسی لەوەشکر؛ بەشداربووان پێکهاتبوون لە قوتابیانی پۆلی یەکی سەرەتایی تاوەکو شەشی سەرەتایی، کە بۆ یەکەمجارە بۆ قوتابیانی سەرەتایی کەرنەڤاڵێکی لەو جۆرە رێکدەخرێت.

لە کەرنەڤاڵەکەدا هەریەک لە بەرێوەبەری پەروەردەی خەبات و بەرێوەبەری کارگێری پەروەردە و مامۆستایان بەشدار بوون.