لە هەولێر 460 پارک و باخچە هەیە

لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان زیادەڕۆیی سەر باخچەکان لادەبردێت

فەرمان سادق

لەسەر سکاڵای هاوڵاتیان بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر هەڵمەتێکی بۆ لابردنی زیادەڕەوی سەر باخچەکان دەستپێکرد.

ئەو هاوڵاتیانەی سکاڵایان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، سکاڵایان لە بۆنی ناخۆشی بەخێوکردنی پەلەوەر و نەبوونی ئاو کردووە.

لە سکاڵاکاندا هاتووە کە بەشێک لەو ماڵانەی باخچەیان هەیە، شەو تاوەکو بەیانی سۆندەی ئاو لەسەر باخچەکانیان بەردەوەنەوە و ئەمەش وایکردووە بەشی پێویستی ئاو بەوان نەگات.

سکاڵایەکە لە کاتێکدایە لە زۆرینەی گەڕەکەکانی هەولێر گرفتی کەمی ئاو هەیە کە وەک پێویست بە هەموو ماڵێک ناگات.

رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر بە 964ـی وت، تیمەکانیان بەردەوامە لە لابردنی سەرپێچییەکان، بەڵام سکاڵای هاوڵاتیان وایکردووە کە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان ئەندازەی پارکەکان و شارەوانی گەڕەکەکان و قایمقامیەت پێکبهێندرێت.

دەشڵێت: ئەوانەی تاوەکو ئێستا کەپری ئۆتۆمبێل و باخچەیان دروستکردووە، رێکدەخرێنەوە، ئەوانەشی ئێستا بە نیازن دروستی بکەن ئەوا رێنمایی نوێیان بۆ دەردەکرێت، هەر کەسێکیش بێ پرسی ئەندازەی پارکەکان کەپر یان باخچەیان دروستکردووە ئەوا وەک زیادەڕۆ لێی دەڕواندرێت و تێکدەدرێن.

لە سەنتەری هەولێر 20 پارکی گەورە و 360 باخچەی ناو گەڕەکەکان و 88 دورگەی ناوەندنی و 70 دارستان هەیە، کە بە گشتی دەکاتە 460 پارک و باخچە.

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات کە پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07504783130) بکەن بۆ هەماهەنگی لابردنی زیادەڕۆییەکانی کراونەتە سەر باخچەکانی ناو گەڕەکەکان.