داواکە هی سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانییە

لە کاتی رووداوی لەناکاو کەسی بەرکەوتوو بە ئۆتۆمبێلی تایبەت مەگوازنەوە

964+

پێشەوا محەمەد

سەنتەری فریاکەوتنی سلێمانی رێنمایی دەداتە هاوڵاتیان لە کاتی رووداوە لەناکاوەکاندا کەسانی بەرکەوتوو بە ئۆتۆمبێلی تایبەت نەگوازنەوە نەخۆشخانەکان.

هۆکاری ئەو داوایەی سەنتەرەکە ئەوەیە، زۆرجار شێوازی گواستنەوە مەترسی زیاتر لەسەر ژیانی نەخۆش و برینداری رووداوەكان دروست دەكات.

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری 122ـی فریاکەوتنی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەمبوڵانەسەکان نەخۆشخانەیەکی بچووکن و ئاگادار بکرێن بە زووترین کات دەگەنە سەر رووداوەکان.

بە پێی رێنماییەکانی سەنتەرەکە، ئەگەر كەسێك بەهۆی رووداوێكەوە قاچی یان دەستی یان هەر شوێنێكی تری شكابوو یان ئازاری پێگەیشتبوو، پێویستە دەستكاری نەكرێت تا تیمەكانی فریاكەوتنی تەندروستی دەگەن.

“پێویستە شۆفێرەکان لە کاتی بوونی ئەمبوڵانسدا هەموو ئاسانکارییەک بکەن و شەقامەکانیان بۆ بکەنەوە”، سامان نادر وای وت.