دەگمەنە

لە بەغدا باسکى بڕدراوی ژنێک دوای 10 کاتژمێر نەشتەرگەری چاندرایەوە

وریا فەتاح

لە دەستکەوتێکی گەورەی پزیشکیدا، تیمێکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی فێرکاریی “واستی” لە شاری بەغدا، توانییان لە نەشتەرگەرییەکی قورس و ئاڵۆزدا باسکى بڕدراوی ژنێک بخەنەوە شوێنی خۆی و سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکەن.

نەخۆشەکە ژنێکی تەمەن 60 ساڵە، لە کاتی کارکردندا لە یەکێک لە کارگەکانی دروستکردنی خۆراک، تووشی رووداوێکی دڵتەزێن دەبێت و بەهۆیەوە دەستی لە سەرووی مەچەکیەوە بە تەواوی دەپەڕێت .

نەشتەرگەرییەکە کە بە یەکێک لە نەشتەرگەرییە دەگمەنەکان دادەنرێت، 10 کاتژمێری خایاندووە و پزیشکەکان بەبێ وەستان کاریان تێدا کردووە. لەو ماوەیەدا پزیشکەکان لە کێبڕکێیەکی سەختدا بوون لەگەڵ کات، بۆ ئەوەی زوو خوێن بە دەستەکەدا بگەڕێننەوە پێش ئەوەی خانەکانی دەستەکە بمرن.

بەپێى راگەیەندراوى وەزارەتى تەندروستى عێراق، بۆ تێگەیشتن لە قورسیی کارەکە، پزیشکەکان سەرەتا دەستەکەیان لە جێگەی خۆی جێگیر کردووەتەوە، پاشان بە بەکارهێنانی ئامێری زۆر وردی پزیشکی (مایکرۆسکۆپ)، دەرزی و دەزووی زۆر وردیان بەکارهێناوە بۆ بەستنەوەی یەکە بە یەکەی بۆرییەکانی خوێن، دەمارەکان و ماسولکە پچڕاوەکان، تاوەکو دەستەکە دووبارە هەست و جوڵەی بۆ بگەڕێتەوە.

ئەوەشى خستووەتەڕوو کە لە کۆتاییدا نەخۆشخانەکە دڵنیایی دا کە نەشتەرگەرییەکە سەد لە سەد سەرکەوتوو بووە و خوێن بە تەواوی گەڕاوەتەوە بۆ دەستە بڕدراوەکە. ئەم سەرکەوتنەش وەک بەڵگەیەک بۆ لێهاتوویی و شارەزایی پزیشکانی نەخۆشخانەکە وەسف کراوە کە توانیویانە مامەڵە لەگەڵ دۆخێکی هێندە قورس و مەترسیداردا بکەن.