لیڤه‌رپوول یاریزانێكی گواسته‌وه‌ و ئه‌ستێره‌یه‌كیشی ده‌وێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانەی لیڤەرپوول دووەم گرێبەستی خۆی بۆ وەرزی نوێی 2023-2024 یەکلایی کردەوە، دوای گەیشتنی بە رێککەوتن بۆ گواستنه‌وه‌ی دۆمینیک سوبۆسلای هەنگاری لە یانەی لایپزیگی ئەڵمانییه‌وه‌ بۆ ریزه‌كانی.

شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئەوروپا، فابریزیۆ رۆمانۆ ئاشكرای كرد، لیڤەرپوول مه‌رجی هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی گرێبەستەکەی سوبۆسلای ده‌داته‌ یانه‌ی لایپزیگ، كه‌ بڕه‌كه‌ی 70 ملیۆن یۆرۆیه‌، بۆ ئەوەی بە فەرمی یاریزانه‌كه‌ بباته‌ ریزه‌كانی، بەبێ ئەوەی بچێتە گفتوگۆ لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە.
بڕیاره‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكی داهاتووشدا یاریزانه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی لیڤه‌رپووله‌وه‌ بكات.

سوبۆسلای تەمەنی 22 ساڵە و وەرزی رابردوو 46 یاری لەگەڵ لایپزیگ لە پاڵەوانیه‌تییە جیاوازەکاندا كردووه‌، 10 گۆڵی تۆمارکردووە و 13 گۆڵی دیکەی دروست كردووه‌.

سوبۆسلای بووە دووەم یاریزان، کە لەم هاوینەدا لیڤەرپوول گرێبەستی لەگەڵدا بكات، دوای ئەلێکسیس مەک ئالیستەری یاریزانی ئه‌رجه‌نتینی، كه‌ له‌ یانه‌ی برایتۆن بوو.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ لیڤه‌رپوول چاوی له‌وه‌یه‌ گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ڤیكتۆر ئۆسیمینی هێرشبه‌ری یانه‌ی ناپۆلی بكات، كه‌ گۆڵكاری وه‌رزی رابردووی خولی ئیتالی بوو.

لیڤەرپوول بەشداری وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ ناکات، دوای ئەوەی وەرزی رابردوو له‌ پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی خولی نایابی ئینگلیزی هات، به‌ڵام به‌شداریی یۆرۆپالیگ ده‌كات.