عێراق خەڵاتی باشترین نێردەی حەجی بردەوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە بواری پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و نوێنەرایەتیکردنێکی باشی وڵاتەکەی لە سعودیە، نێردەی حەجی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

نوێنەرایەتی حەجی عێراق لە سعودیە، رۆژی هەینی 30.6.2023 راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، نێردەی حەجی عێراق بووە براوەی پلەی یەکەمی باشترین نێردەی حەج، کە رۆڵی وڵاتەکەی ببینێت لە وەرزی حەجی ئەمساڵی سعودیە.

بە پێی ئاماری فەرمی حکومەت، ژمارەی حاجیانی ئەمساڵی عێراق 29 هەزار و 121 کەسبوون کە لە رێگەی وشکانی و گەشتی ئاسمانییەوە چوونەتە سعودیە.

لە ئەمساڵدا بۆ یەکەمین جار حاجیانی هەرێم لە رێگەی وشکانییەوە و بە پاس بەرەو شاری کەرکوک رۆیشتن و دواتر بە یاوەری هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە دەروازەی عەرعەری باشووری عێراقەوە چوونە ناوخۆی سعودیە.

بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی حەج و عومرەی سعودیە، ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە سعودیەن.

بۆ ئەمساڵ ئەوانەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە، ژمارەیان چوار هەزار و 685 کەسە.