بۆ ساڵی نوێ فیلمێکی ترسناکی کوردی پەخش دەکرێت

+964

پەرستۆ ساڵح – هونەری

دەروونناس و دەرهێنەرێکی کورد، بۆ یەکەمین جار فیلمێکی کوردی ترسناک بەناوی “شەوە” بەرهەمدەهێنێت و بۆ ساڵی نوێ لە سینەماکانی کوردستان پەخش دەکرێت

وابڕیارە لە دووی کانونی دووەمی ٢٠٢٣، فیلمی کوردی ترسناکی “شەوە” لە سینەمای ئێمپایەری هەولێر نمایش بکرێت، کە لەلایەن دەرهێنەر دلۆڤان زەندی بەرهەمهێنراوەو هەریەک لە ئەکتەران شادی ئارام و لاڤا مەهدی رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن.

دەرهێنەر و دەروونناس دلۆڤان زەندی تایبەت بە +964 وتی ” فیلمەکە ژانەری ترسناکە، بەڵام پەیامێکی لە پشتەوەیە و بینەر لە کۆتایدا خۆی تێدەگات، لە رێگای هەڵبژاردنی ئەم ژانەرەوە دەمویست خەڵک خۆی ئارەزوو بکات بینەری فیلمەکە بێت و ئەو کەلتورە دروست بکەم، باس لە کێشەی دەروونی دەکات نەک گرفت یان بابەتێکی خەیاڵی”

دەرهێنەر جەخت دەکاتەوە لەوەی چیرۆکەکەی دەگەرێتەوە بۆ حاڵەتێکی زانستی لە کاتی خەودا، کاتێک مێشک کاردەکات و ناتوانیت جوڵە بە ماسولکەکانت بکەیت و واهەست دەکەیت جەستەت لە کارکەوتووە و توانای قسەشت نییە، دەشیەوێت کارەکەی بۆ خەڵک بێت نەک تەنها بۆ فێستیڤاڵەکان.

دلۆڤان زەندی لە سورداشی قەزای دوکان لەدایکبووە، لەگەڵ خێزانەکەی لە ئوستورالیا ژیاوە، جگە لە پیشەکەی کە دەروونزانیە، حەز بە نوسینی سیناریۆ و کاری سینەمایی دەکات، رۆڵی بینیوە لە فیلمێکی ئوستورالی بەناوی ‘Here Out West’، پێشتر فیلمێکی دیکەی ترسناکی بەرهەمهێناوە بەناوی ” هێڵی سور” بەڵام پەخش نەکراوە.

هاوکات بە وتەی خۆی بەمنزیکانە کاری نوێی دەبێت لە ئوستورالیا بەتایبەت بۆ زنجیرە درامایەک بۆ نێتفلێکس و چەند کارێکی دیکە کە هێشتا لە ئامادەکاریدایە.