ئەمساڵ ئاژەڵ هاوردەی سلێمانی نەکراوە

964+

پێشەوا محەمەد

لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاژەڵ هاوردەی سلێمانی نەکراوە و بەرهەمی ناوخۆش پێداویستی گۆشتی سوور پڕ دەکاتەوە.

ناجێگیری دۆلار و پێویستی مۆڵەتی هێنانی ئاژەڵ لە بەغدا وای کردووە ئەوانەی ئاژەڵ هاوردە دەکەن ئەمساڵ هیچ داواکارییەکی هێنانی ئاژەڵیان نەبێت.

پارێزگای سلێمانی رۆژانە پێویستی بە 90 تۆن گۆشتی سوورە و لەناوخۆ دابین دەکرێت.

“لە بۆنەکان و هاتنی گەشتیاردا پێداویستی رۆژانەکە زیاد دەکات و لە ناوخۆدا هەندێک کەم دەبێت، بەڵام نەبووە بە کێشە و زۆر نییە”، ئەوە قسەی جەمال حەسەن، بەرپرسی بەشی سامانی ئاژەڵە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بۆ 964.

وتیشی، “بارانی باشی ئەمساڵ لەوەڕی زۆر کردووە و ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر باشی و زۆریی بەرهەمی ئاژەڵی ئەمساڵ”.