ماسی مەندان دەبێتە ژوانگەی گەشیتاران لە بەردەڕەش

+964

زەید کۆچەر – بەردەڕەش-دهۆک-

گوندی مەندان لە سنووری قەزای بەردەڕش، دەبێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ماسییەکەشی سەرنجی گەشتیارانی راکێشاوە.

گوندی مەندان، دەکەوێتە سەر زێی گەورەو هەشت کیلۆمەتر لە قەزای بەردەڕشی سەر بە پارێزگای دهۆک دوورە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیاوە ژمارەیەکی زۆر خواردنگەی گەشتیاری لە کەناری زێی گەورە دروستکراون، ئەمەش سەرنجی گەشتیارانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

پەیامنێری +964 دەڵێ، ناوچەکە نۆ خواردنگەی گەشتیاری تێدایە، کە لەسەر رێگای سەرەکی بەردەڕەش دهۆکە کەوتوونەتە سەر زێی گەورە، بەڵام خواردنگەکانی ئەوێ ماسی زێی گەورە نافرۆشن بەهۆی بچووکی لە قەبارەو کێشەوە، ئەمەش وەک خۆیان دەڵێن وایکردووە پەنا بۆ ماسی تەقتەق و کەرکوک ببەن.

 راکان گۆران، خاوەنی خواردنگەی کانی لاند دەڵێ؛ لە وەرزی زستان خواست لەسەر ماسی پرژاو زیاتر دەبێت، خەڵک لە هەموو شوێنێکی کوردستان روومان تێدەکەن، تەنانەت گەشتیاری عەرەبیش.

زیاتر وتی “خەڵک بە تەلەفۆن بۆ ژەمی ئێوارە ماسی حجز دەکەن، یانیش دێن و ئیسراحەتێک دەکەن تا ماسییەکەیان بۆ ئامادە دەبێت”.

سەعید حازم، یەکێک لەو هاوڵاتیانەی بۆ خواردنی ماسی رووی لە خواردنگەکانی مەندان کردووە، قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ؛ بۆ ماسی خواردن هاتوومەتە ئێرە، لەگەڵ ماڵەوە زوو زوو دێینە ئێرە چونکە ماسییەکانیان جیاوازن.

زیاتر وتی “تا ئاستێک نرخی ماسی گران بووە لێرە، بۆیە داوایان لێدەکەین هەرزانی بکەن”.