خواردن 29یانی ژەهراوی کردبوو

لە گەرمیان یەکەم رۆژی جەژن 556 کەس چوونەتە نەخۆشخانە

964+

پێشەوا محەمەد

لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا 556 کەس سەردانی تەندروستیی گەرمیانیان کردووە و 29یان بەهۆی خورادنەوە ژەهراوی بوون.

سەرجەم ئەو کەسانە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردووە و 176یان چوونەتە هۆڵی پێشوازی، 250 پشکنین ئەنجام دراوە و 90 تیشکیش گیراوە.

لە هەمان رۆژدا سێ حاڵەتی شەڕەچەقۆ هەبووە، سێ رووداوی ماتۆڕسکیل روویانداوە و دوو سووتاویش گەیەندراونە نەخۆشخانە، لەگەڵ سێ کەوتنەخوارەوە، بەڵام هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە.

رزگار لەتیف، وتەبێژی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە 964ـی وت، “حاڵەتەکانی ژەهراویبوون چارەسەریان بۆ کراوە و هیچ کەس مەترسی لەسەر ژیانی دروست نەبووە”.

دەشڵێت، حاڵەتێکی سووتاوی و حاڵەتێکی شەڕەچەقۆ بارودۆخیان خراپ بووە و رەوانەی تەندروستیی سلێمانی کراون.