بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی هەولێر وا دەڵێت

ئەو ئاوەی بۆ شۆردنی شەقامەکان بەکاردێت ئاوی شیرین نییە

964+

فەهمی نەبی

ماوەی دوو رۆژە شارەوانیی هەولێر، خەریکی پاککردنەوەی شوێنە گشتییەکانی هەولێرن، شارەوانی دەڵێت ئەو ئاوەی بۆ پاککردنەوەی شەقامەکان بەکاری دەهێنین ئاوی بەکارهاتووی ماڵانە و لە فلتەر دراوە.

ژیار جەلال بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بۆ 964 قسەی کرد، “ماوەی دوو رۆژە تیمەکانمان کە ژمارەیان زیاترە لە 30 تیم ناو بازاڕ، بەردەم قەڵای هەولێر و بەردەم مۆڵەکان پاکدەنەوە ئەمشەویش تا درەنگ ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت”.

لە بارەی ئەو ئاوەی بۆ شۆردنی شەقامەکان بەکاردێت ژیار جەلال دەڵێت، ئەو ئاوەی شەقامەکانی شاری پێدەشۆردرێت، ئاوی بیر نییە، بەڵکو ئاوی بەکارهاتووی ماڵانە و بە فلتەر پاکدەکرێتەوە و دوبارە بەکاردەهێنرێتەوە و زیانی تەندروستی نییە.

پارێزگای هەولێر شەش شارەوانی لە خۆدەگرێت، وا پێشبینیی دەکرێت لە رۆژانی جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روو لە پارێزگای هەولێر بکەن، ئەمەش بە پێی وتەی دەستەی گەشتوگوزاری هەولێر.