ژماردنی دۆلار لەیەن کەسێک لە بازاڕەكانی دۆلار لە كوردستان _ وێنە: 964
“دوای جەژن دۆلار دادەبەزێت”
964+
فەرمان سادق
بەهای دۆلار هەڵکشایەوە و دۆلارفرۆشانیش پێشبینی دەکەن دوای جەژن بەهایەکەی دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 27.6.2023، بەهۆی پشووەوە بانکی ناوەندی دۆلاری نەخستەڕوو، بەهای 100 دۆلاریش لە بازاڕی دراوی هەولێر بەرامبەر بە 147,400 دینارە بۆ فرۆشتن، بەڵام بۆ کڕین بە 147,200 دینارە.
بانکی ناوەندی دوێنێ دووشەممە 227 ملیۆن و 26 هەزار دۆلاری خستەڕوو، لەم بڕەدا 60 ملیۆن و 940 هەزار دۆلاری بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ بووە و 166 ملیۆن دۆلاریش بۆ حەواڵە بووە.
گرانبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە کاتێکدایە لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق واژۆی لەسەر یاسای بودجە کرد و وەزارەتی دادیش لە وەقایعی عێراقی بڵاوی کردەوە.
کەیفەی خۆشناو، وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، تاوەکو دوای جەژن بەهای دۆلار لە 147 هەزار دینار دانابەزێت بەهۆی ئەوەی بانکی ناوەندی بەهۆی پشوو دۆلار نافرۆشێت، بەڵام دوای جەژن ئەگەری زۆرە بەهاکەی دابەزێت پاش ئەوەی سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر یاسای بودجە کرد.
دەشڵێت: پێشبینی دەکەین دوای جەژن بانکی ناوەندی دۆلارێکی زۆر بخاتە بازاڕەوە و بەهای دۆلار دابەزێت.