لەسەر گرانی بەنزین لە کوردستان سکاڵا لە دادگای باڵا تۆمارکرا

هاوبەش ئەبوبەکر

لەسەر جیاوازی نرخی سووتەمەنی لەنێوان کوردستان و عێراق، پەرلەمانتارێک سکاڵا دژی سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوت تۆمار دەکات.

نرخی لیترێک بەنزینی نۆڕماڵی حکومی لە عێراق بە 450 دینارە و لە کوردستانیش 750 دینارە کە جیاوازییەکەیان بۆ هەر لیترێک 300 دینارە.

ئەمڕۆ سێشەممە 27.6.2023، غالب محەمەد عەلی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق بە 964ی وت، سکاڵای دژی پێنەدان و نەناردنی سووتەمەنی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکومەتی عێراق و وەزیری نەوت بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.

غالب محەمەد، وتیشی: بەغدا دەبێت بەرێژەی 12.67% سووتەمەنی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.

“بەپێی دەستووری عێراق بێت، هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش مافی دەستووری خۆیانە وەک هەر هاوڵاتییەکی تری عێراق سووتەمەنیان بە نرخی پاڵپشتیکراو پێبدرێت بەهەمان نرخی ناوچەکانی تری عێراق دوای رادەستکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ”، غالب محەممەد عەلی وا دەڵێت.