به‌ هۆی مۆندیاله‌وه‌ بازاڕی جلوبه‌رگی وه‌رزشی گه‌رمه‌

+964
رێژوان مامە قادر – سلێمانی

به‌ڕێوه‌ه‌چوونی یارییه‌كانی مۆندیالی ٢٠٢٢ له‌ وڵاتی قه‌ته‌ڕه‌، به‌ڵام له‌ كوردستان گه‌نجان و وه‌رزشدۆستان درێسی هه‌ڵبژارده‌ به‌شداربووه‌كانی مۆندیال ده‌كڕن، ئه‌مه‌ش فرۆشی ئه‌م جلانه‌ی زیاد كردووه‌.

زریان تەها گەنجێکی تەمەن ۲۷ساڵی دانیشتووی شاری سلێمانییە، ماوەی ۱٦ بۆ ۱۸ ساڵە لە ناو بازاڕی ئۆرزدی شاری سلێمانی دوکانێکی جلوبەرگی وەرزشی هەیە.

ئه‌و باس لەوە دەکات لە کاتی مۆندیال، کە چوار ساڵ جارێک دەکرێت، فرۆش و خواست لەسەر درێسی هەڵبژاردەکان زۆر دەبێت.

زریان دەڵێت، “هەر ساڵێک کە مۆندیالی تێدا دەکرێت، فرۆشی درێسی هەڵبژاردەکانیان زیاد دەکات، ئەمساڵیش بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو فرۆشی درێسەکانیان زیاتر نەبووبێت، کەمتر نەبووە”.

درێسه‌ وه‌رزشییه‌كان لە وڵاتی تورکیاوە دەهێنرێن

“زۆرترین خواست لەسەر درێسی هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین، بەڕازیل و پۆرتوگالە، ئەمساڵیش بە تایبەت زۆرترین خواست لەسەر درێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە و به‌ تایبەتی درێسی مێسیی ئه‌ستێره‌ی تیپه‌كه‌”، زریان ته‌ها وای وت.

964+ ده‌زانێت، درێسه‌ وه‌رزشییه‌كان لە وڵاتی تورکیاوە دەهێنرێن و نرخیشیان له‌ نێوان ١٠ بۆ ١٢ هەزار دینارە.

زریان باس لەوە دەکات، بە پێی وەرز خواست لەسەر جلوبەرگی وەرزشی دەگۆڕێت، لە هاویندا جلی مەلە و جلی جیم، لە زستانیشدا تراکسود و لە کاتی مۆندیالیشدا درێسی هەڵبژاردەکان.

له‌ بازاڕه‌كانی كوردستان جلوبه‌رگی وه‌رزشی به‌ كوالێتیی جیاواز ده‌ست ده‌كه‌وێت، هه‌یه‌ كوالێتی نزمه‌ و هه‌یه‌ كوالێتی به‌رز و ماركه‌یه‌، نرخه‌كانیشیان به‌ پێی كوالێتییه‌كانیانه‌.