ئێران رزقی “عه‌لی دایی” ده‌بڕێت

+964
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

دەسەڵاتی دادوەری له‌ ئێران بڕیاری داخستنی چه‌ند كارێكی بازرگانیی یاریزانی پێشووی تۆپی پێی ئێران عەلی دایی راگەیاند، ئه‌مه‌ش بە هۆی پشتیوانی یاریزانه‌كه‌ لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی وڵاته‌كه‌ی.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی، بڵاوی کردەوە، فەرمانی داخستنی فرۆشگه‌یه‌كی زێر و چێشتخانەیه‌كی عه‌لی دایی یاریزانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی ئێرانی دا، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ ناوچه‌كانی تارانی پایته‌ختن.

سه‌رچاوه‌كه‌ رایگەیاندووە کە “به‌ هۆی هاوکاری و پشتگیریی عه‌لی دایی لەگەڵ خۆپێشانده‌رانی ئێران، دادگا بڕیاره‌كه‌ی داوه‌”.

عه‌لی دایی یاریزان و راهێنه‌ری پێشووی تۆپی پێی ئێران، یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام بڵاوی كرده‌وه‌، تا ئێستا به‌ شێوازی جۆراوجۆر هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كرێت.

دایی نووسیبووی، خۆی و بنەماڵەکەی لە لایەن هەندێک دامەزراوە، میدیا و کەسانی نه‌ناسراو، کە خۆیان بە پڕۆفیسۆر، فەیلەسوف و کۆمەڵناس دەزانن، تووشی “هەڕەشەی زۆر” بوونه‌ته‌وه‌، بەڵام روونکردنەوەی لە بارەی جۆری هەڕەشه‌كان نه‌خستبووه‌ڕوو.

كۆچی دوایی ژینا، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خه‌ڵكی ئێرانی به‌ گشتی لێكه‌وته‌وه‌

عه‌لی دایی… فۆتۆ: سۆشیال میدیا

ژینا ئەمینی، كه‌ كچه‌ كوردێكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بوو، رۆژی ١٦ی ئه‌یلولی رابردوو لە کاتی دەستبەسەركردنی له‌لایه‌ن پۆلیسی ره‌وشته‌وه‌ به‌ توندی ئازار درا و دواتر به‌م هۆیه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست دا.

كۆچی دوایی ژینا، ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی خه‌ڵكی ئێرانی به‌ گشتی لێكه‌وته‌وه‌ و نزیکەی سێ مانگە بەردەوامن، هاوكات ده‌یان یاریزانی ناودار و هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تی گه‌وره‌ پاڵپشتیی خۆیان بۆ خۆپێشانده‌ران ده‌ربڕیوه‌.

عه‌لی دایی یه‌كێكه‌ له‌ ناودارترین یاریزانانی تۆپی پێی ئێران

سەرەڕای راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پۆلیسی ره‌وشت لەلایەن تارانەوە، به‌ هۆی خۆپێشاندانه‌كانه‌وه‌ سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە، هەزاران کەسیش دەستگیرکراون، کە یاریزانانی تۆپی پێ و کەسایەتییە ناودارەکانیشی تێدایە.

عه‌لی دایی یه‌كێكه‌ له‌ ناودارترین یاریزانانی تۆپی پێی ئێران، تا مانگی ئەیلولی ساڵی رابردووش، بە تۆمارکردنی ١٠٩ گۆڵ، گۆڵکاری مێژووی تۆپی پێی جیهان بوو، بەڵام دواتر کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی ژمارەی پێوانەیی دایی شکاند.