"بۆ چێشت بەتامە"

کولەکەی پێنجوێن بە جەژنی قوربان راگەیشت

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە دەشتی پێنجوێن کولەکە بەرهەمهات، بەقسەی یەکێک لە جوتیارەکانیش بێت ئەم جۆری کولەکەیە بۆ چێشت بەتامە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.6.2023، نۆبەرەی کولەکەکە لە پێنجوێن خرایە بازاڕەوە، یەک کیلۆی بە 750 دینار فرۆشرا.

کولەکەی خڕ دەپیشێنرێت و پاشتر سوور دەکرێتەوە، شێفەکان بۆ کاری دیکەش سوود لە بەرهەمەکە دەبینن، بەڵام ئەم جۆرەی کولەکە تەنیا بۆ لێنانی لەناو چێشدا بەتامە.

تۆی کولەکەکە، لە دەرەوە هاوردەکراوە و لەناو خاکی پێنجوێندا گەشەی پێدراوە.

بەپێی ئەوەی زۆرێک لە جوتیارەکان لەگەڵ تەماتە و پەتاتە و شوتیدا چاندویانە، روون نییە رووبەری چاندراوی کولەکەکە چەندە، هەروەک شوان واحیدی جوتیار بە 964ـی وت.

دەشڵێت: کولەکەکە تایبەتە بە چێشت و تامێکی جیاوازی هەیە، جوتیارەکان لەگەڵ بەرهەمەکانی تر چاندوویانە.

توێژینەوەکان دەریانخستووە کولەکە بڕێکی زۆر لە ڤیتامین A و B تێدایە، یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێشی لەش، رێکخستنی رێژەی شەکر لە خوێن، هەروەک توینێتی و پلەی گەرمی لەش کەمدەکاتەوە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق