کێڵگەی کۆرمۆر کێشەی نەما

گرفتی کەمیی کارەبا چارەسەر بوو

هاوبەش ئەبوبەکر

گرفتی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر چارەسەرکرا و بەمەش توانای بەرهەمهێنانی کارەبا یەک هەزار و 800 مێگاوات زیاد دەکات و وەک رۆژێک پێشتری لێدێتەوە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە 964ی وت، کێڵگەی کۆرمۆر دەستیکردووەتەوە بە پێدانی بڕی غازی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی بووەتەوە.

لە ئێستادا وەزارەتی کارەبا بە پێوەری زیرەک بۆ هەر ماڵێک 30 ئەمپێر کارەبا بە هاوبەشانی دەدات، یەک هەزار و 800 مێگاوات دەکاتە نۆ ملیۆن ئەمپێر و کارەبای 300 هەزار هاوبەش.

وەزارەتی کارەبا، هۆکاری کەمبوونەوەی بەرهەمێنانی کارەبای گەڕاندەوە بۆ بوونی “گرفتێكی تەكنیكی لە پرۆسەی گواستنەوەی شلەی غاز لەلایەن كۆمپانیای گواستنەوەوە بۆ ناو کۆگاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئاستی غازی شل لەناو كێڵگەی كۆرمۆڕ بەرزبووەتەوە و مەترسی لەسەر كێڵگەكە دروست كردووە”.

بەهۆی کێشەکەوە، کێڵگەی کۆرمۆر بەناچاری بەرهەمهێنانی غازی بە بڕی 250 ملیۆن مەترسێجا كەم کردبووەوە.