زیاتر لە ٣ خانووی پلاستیکیی کشتوکاڵی لە پارێزگای سلێمانی بوونیان هەیە

بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر و پەین لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکاندا ڕێک دەخرێت

+964

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر و پەینی کیمیایی لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکاندا ڕێک دەخات، بەرێوەبەرەکەشی دەڵێت ٩٠٪ـی بەرهەمی کیڵگە کشتوکاڵییەکانن تەندروستە.

+964 دەزانێت بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی پێشتر پرۆژەی ڕێکخستنی بەکارهێنانی دەرمانی قڕکەر و پەینی کیمیایی لەگەڵ ١٣ جوتیار خستبووە تاقیکردنەوەوە، ئێستا دەیانەوێت پڕۆژەکە لەسەر تەواوی جوتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بخەنە بوواری جێبەجێکردنەوە.

شاڵاو جەما، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە +964ـی وت: “جگە لە لایەنە تەندروستییەکەی، پڕۆژەکەمان هەم تێچووی کەم کردووەتەوە هەم بەرهەمیشی زیاد کردووە.”

بە پێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لەسەر رووبەری ٦ هەزار و ٥٠٠ دۆنم زەوی لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژەی کشتوکاڵیی خانووی پلاستیکیی لەسەر دروست کراوە.

“خانووە پلاستیکییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لە دابینکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکانیان، هەرچەندە پێشتریش ٩٠٪ـی بەرهەمەکانیان تەندروست بوون، بەڵام ئێمە دەمانەوێت بەم هەنگاوە تەندروستیی بەرەهەمەکان بکەینە ١٠٠٪”، شاڵاو جەمال وای وت.

دەشڵێت پلانیان هەیە پرۆژەکەیان لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکانی تری هەرێم هاوبەشی پێ بکەن لەپێناو زیادکردنی بەرهەم.

Enter