ناحیەی سیدەکان بە فەرمی بوو بە قەزا

+964
ئاسۆ فه‌یسه‌ڵ – سۆران

ناحیه‌ی سیده‌كان كه‌ ٢٥٠ گوند له‌ خۆ ده‌گرێت، به‌ فه‌رمی كرایه‌ قه‌زا و قائیمقامیشی به‌ شێوه‌یه‌كی كاتی بۆ دانرا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی كانوونی یه‌كه‌م، بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، به‌ فه‌رمی ناحیه‌ی سیده‌كان كرا به‌ قه‌زا.

هه‌روه‌ها له‌ بۆنه‌كه‌دا ئیحسان چه‌لەبی، بەڕێوەبه‌ری پێشووی ناحیەی سیدەکان، وەک قایمقامی قەزای سیدەکان بەوەکالەت دەستبەکار بوو.

وەزیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا له‌ بۆنه‌كه‌، رایگه‌یاند حکومه‌تی هەرێم بەردەوام پلانی بۆ خزمەتکردنی سەرجەم ناوچەکان جیاوازه‌كانی كوردستان هه‌یه‌، بە قەزابوونی سیدەکانیش یەکێک بووە لە پلانەکان کابینەی نۆ.
وتیشی، “ئامانجی بە قەزاكردنی سیدەکان بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکەیە، کە چەندین ساڵە ناوچه‌كه‌ لە لایەن وڵاتانی دراوسێیه‌وه‌ بۆردومان ده‌كرێت، هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ تا ئێستا دەیان کەس گیانیان له‌ ده‌ست داوه‌ و به‌ سه‌دانی دیكه‌ش ئاوارە بوونه‌”.

سیدەکان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە

سیدەکان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، دەکەوێتە دووری ١٤٤ کیلۆمەتری بەشی باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر، تا پێش ساڵی ١٩٩٦ بە فه‌رمی وه‌ك ناحیه‌ی برادۆست دەناسرا.

سیده‌كان زیاتر له‌ ٢٥٠ گوند لەخۆدەگرێت، زۆربەیان بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ خەریکن، بەشێکی زۆری ئه‌و گوندانه‌ش بە هۆی بۆردومانی وڵاتانی درواسێیه‌وه‌ چۆڵ بوونه‌.

سیده‌كان، كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی زیاتری ٢٠ هه‌زار كه‌سه‌، ده‌بێته‌ پێنجه‌م قه‌زای سه‌ر به‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، دوای هەریەکە لە قەزاكانی “ناوه‌ندی سۆران، چۆمان، رواندز، مێرگەسوور”.