ئاڵای عێراق و تورکیا. 964+
عێراق لە پلەی چوارەمی کڕیارانی کاڵای تورکییە
964+
فەهمی نەبی
دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی ئایاردا هەناردەکردن بەڕێژەی %14.4 و هاوردەکردن بەڕێژەی %15.5 زیادیکردووە، عێراق لە پلەی چوارەمی ئەو وڵاتانە دێت کە هاوردەیان لە تورکیا کردووە.
لەمانگی ئایاردا لەنێو ئەو وڵاتانەی کە لە تورکیاوە کاڵا و شتومەکیان هاوردەکردووە، عێراق لە پلەی چوارەمدایە، بەبەهای یەک ملیار و 11 ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەڵمانیا لە پلەی یەکەم دێت کە لەمانگی ئایاردا بەبەهای یەک ملیار و 811 ملیۆن دۆلار کاڵای لە تورکیاوە هاوردەکردووە، دوای ئەڵمانیا، لە پلەی دووەم ئەمریکا دێت و لە پلەی سێیەم بەریتانیا و لە پلەی پێنجەم ئیتاڵیا دێت.
دەستەی ئاماری تورکیا ئەوەشی راگەیاندووە، بەهەماهەنگی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی وڵاتەکەیان، گەیشتونەتە ئەو داتایەی کە لە مانگی ئایاردا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، هەناردەکردنی کاڵا و شتومەک لە تورکیا گەیشتوەتە 21 ملیار و 659 ملیۆن دۆلارە کە ئەمەش %14.4 زیاترە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو، رێژەی هاوردەکردنیش بۆ تورکیا 34 ملیار و 186 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمەش بەراورد بە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو %15.5 زیاتر بووە.
ئەمە لینکی راپۆرتەکەی دەستەی ئاماری تورکیایە.