زەوییەكانیان دەكرێت بە خانوو
بەشێك لە جوتیارانی ناحیەی رزگاری داوای قەرەبوو دەكەن
+964
میلاد جەلال-كەلار
لە ناحیەی رزگاری 750 دۆنم زەوی كشتوكاڵی، كە پێشتر جوتیاران بەكاریان دەهێنا بۆ كشتوكاڵ، لەلایەن شارەوانیەوە دراوە بە كۆمپانیایەك بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون، ئێستا چەند جوتیارێك داوا دەكەن زەوییەكانیان بدرێتەوە.
زەوییەکە كشتوكاڵییە، ئێستا تەختكراوە و هێڵی لەسەر كێشراوە، بۆ ئەوەی بكرێت بە خانوو لە لایەن كۆمپانیایەكەوە، كە شارەوانی رزگایی زەوییەكەی بۆ دیاریكردون.
لە ناو زەوییەكاندا 12 جوتیار بە خۆیان و كەسوكاریانەوە گردبوونەتەوە، داوا دەكەن شارەوانی زەوییەكانیان بدەنەوە، چونكە زەوی ئەوانە و لە باو باپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە و كاریان تێداكردووە.
شارەوانیی ناحیەی رزگاری لە ساڵی 2018ەوە بە نووسراوێكی فەرمی داوای لەو جوتیارانە كردووە زەوییەكە بۆ كاری كشتوكاڵی بەكارنەهێنن و بە هیچ شێوەیەك مامەڵەی پێوەنەكەن.
یەكێك لە جووتیارەكان ژمارەیەك نووسراوی پێشان دا و دەڵێت، بە پێی ئەم بەڵگانە دەبوو قەرەبوومان بكەنەوە، پێشتر قوباد تاڵەبانی قسەی لەسەر ئەم زەوییانە كردووە، كە دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە، بەڵام تا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، ئەوانیش داوادەكەن زەوییەكانیان بدەنەوە و قەرەبووبكرێنەوە.
جووتیارەكان بە توڕەییەوە قسەدەكەن و دەڵێن ئەوە زەوی ئەوانە و دەبێت بدرێتەوە پێیان، بەڵگەیان هەیە كە چەندین ساڵە مافی بەكارهێنانیان هەیە.
پێداچوونەوە: كوردستان ئەحمەد