له‌ ئێستاوه‌ بلیت و فڕۆكه‌ بۆ گه‌شتی سه‌ری ساڵ نه‌ماوه‌

+964
ئاودێر عومه‌ر – سلێمانی

بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ سەری ساڵی نوێ روویان له‌ کۆمپانیاکانی گەشتکردن كردووه‌ و له‌ ئێستاوه‌ پاكێجی گه‌شته‌كان بۆ وڵاته‌ دڵخوازه‌كانیان ده‌كڕن.

به‌ گوێره‌ی فرۆشی كۆمپانیاكانی فرۆشتنی بلیت و پاكێجی گه‌شتكردن بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان، له‌ ئێستاوه‌ بۆ سه‌ری ساڵی نوێ فڕۆكه‌كان پڕ بوونه‌ و شوێن نه‌ماوه‌.
نوێنه‌ری كۆمپانیاكان ده‌ڵێن، ئێستا گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات به‌ مه‌به‌ستی گه‌شتوگوزار زۆر بووه‌.

لەنیا دانا، نوێنەری کۆمپانیای مونلاین بۆ 964+ وتی، “ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشتەکان بۆ سەری ساڵ زیادیان کردووە و هاوڵاتیان لە سەرەتای مانگی یازده‌وه‌ ناویان تۆمار کردووە، زیاتر داخوازی وڵاتی ئیمارات و لوبنان دەکه‌ن بۆ گه‌شتوگوزار، ئه‌مه‌ش به‌ هۆی گونجاویی كه‌شوهه‌وا ئەو وڵاتانەوه‌یه‌”.

كۆمپانیاكانی فرۆشتنی بلیتی گه‌شت بازاڕیان گه‌رمه‌

سەروەر سەلام نوێنەری کۆمپانیای دیكه‌ی گه‌شتوگوزاره‌ و بۆ 964+ دەڵێت: بەهۆی نەمانی رێکارەکانی په‌تای کۆرۆنا و هەڵگرتنی پشکنینی PCR لە فڕۆکەخانەکان، ئەمساڵ گەشتەکان زیادیان کردووە، بە تایبەت بۆ سەری ساڵ.

سه‌روه‌ر سه‌ڵام ئاشكرای كرد، له‌ ئێستاوه‌ زیاتر لە 400 گەشتیان بۆ گەشتیارەکان رێک خستووە، داواشیان کردووە لە کۆمپانیاکانی فڕۆكه‌وانی، فرۆکەی زیاتریان بۆدابین بکه‌ن.

ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماری ساڵی رابردوو به‌ ژماره‌ ئاشكرا ناكات، به‌ڵام ده‌ڵێت، ئه‌و ژماره‌ گه‌شته‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو، زیاتره‌.

بێستان عومەر، هاوڵاتییه‌كی شاری سلێمانییه‌ و دەیه‌وێت گه‌شت بكات، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت، ئێستا بلیتی فڕۆكه‌ی نه‌ماوه‌.

ئه‌و به‌ 964+ی وت، “هیوادارم كۆمپانیاكانی گه‌شتوگواز فڕۆکەی دیكه‌ بۆ گه‌شتیاران دابین بکەن”.

ساڵانه‌ له‌ كاتی سه‌ری ساڵ و بۆنه‌كانی دیكه‌دا، هاوڵاتیانی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی پشوودان و به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش، به‌ ته‌نیا یان له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانیاندا گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ تایبه‌تیش بۆ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر.