لەسەر فرۆشتنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو سێ شوێن داخران

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

سێ دەرمانخانە لە قەزای بەردەڕەش حسابیان بۆ رێنماییە تەندروسییەکان نەکردووە و دەرمانی ماوەبەسەرچوویان فرۆشتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر ئەوە هەرسێکیان داخران.

بەشێکی دیکەش لەو دەرمانانەی کە لە کاتی پشکنینەکاندا لە ناو دەرمانخانەکاندا بینراون، مۆری وەزارەتی تەندروسییان پێوە نەبووە.

بۆتان شەمسەدین ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت، هەرسێ دەرمانخانەکە لە ناو سەنتەری قەزاکە ئەو دەرمانە خراپانەیان بە هاوڵاتیان فرۆشتووە.

دوێنێش چوار کلینیکی هاریکاری پزیشکی و دوو تاقیگەش لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە هەمان هۆکار داخران.

بەردەڕەش، لە 2007ـەوە بووە بە قەزا، سەر بە پارێزگای دهۆکە و دەکەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی دھۆک، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە 26 هەزار کەس دەبێت.

پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر