کوڕە کوردێک لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکاری دەکات

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

لە شاری بەغدا هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق، لەسەر ئامادەکارییەکانی بەردەوامە و یاریزانێکی کوردیش لەو پێکهاتەیە بوونی هەیە.
سەهەند ئەشرەف، یاریزانی پێشووی تیپی تۆپی دەستی یانەی سلێمانی و ئێستای یانەی کەرخ، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی جامی وڵاتانی عەرەب دەکات.

سەهەند ئەشرەف، لە شاری بەغداوە بە 964ـی راگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق لە شاری بەغدا چووەتە کەمپێکی مەشق و راهێنانەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی جامی عەرەب.

دەشڵێت: سەرەتا هەڵبژاردەکە لە 27 یاریزان پێک هاتبوو، بەڵام دوای ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی ئاستەکان ئێستا 21 یاریزان ماونەتەوە و لە رۆژی 29ـی ئەم مانگە لە وڵاتی میسر هەڵبژاردەکە کەمپێکی دەرەکی دەکاتەوە و دواتر دەچێتە ناو کەشی پاڵەوانیەتییەکە.

بریاروایە لەرۆژی 5.7.2023، بە بەشداری شەش هەڵبژاردە پاڵەوانیەتی جامی عەرەب بۆ تۆپی دەست لە وڵاتی جەزائیر دەستپێبکات و رکابەرییەکانیشی تا رۆژی 15.7.2023 بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق