کێشی دەنکە گەنمی ئەمساڵ ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە

964+

فەهمی نەبی

بەرپرسانی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە لە عێراق دەڵێن، ئەمساڵ باشترین جۆری گەنم دەستکەوتووە و کێشی هەر دەنکە گەنمێک ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، عێراق بۆ یەکەمجارە باشترین جۆری بەرهەمی گەنمی دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو رێژە زۆرەی باران بووە، کە لەم ساڵدا باریوە.

بە پێی وتەی حەیدەر نوری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بەبازاڕکردنی دانەوێڵە، لە زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق بە تایبەت پارێزگاکانی کەربەلا و سەماوە، کێشی دەنکێک دانەوێڵە گەیشتووەتە 82 ملیگرام، ئەمەش لە رابردووی عێراق تۆمار نەکراوە.

ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت، کێشی هەر دەنکە گەنمێکی ئوستوراڵی 81 ملیگرامە، بەڵام ئەمساڵ کێشی هەر دەنکە گەنمێکی عێراق 82 ملیگرام بووە، بەمەش ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو کێشی هەر دەنکە گەنمێکی عێراق لە نێوان 70 بۆ 73 ملیگرام بووە.

پێشووتر وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندبوو، بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە چوار ملیۆن تۆن نزیک بووەتەوە، بەمەش لە دابینکردنی گەنم، عێراق گەیشتووەتە قۆناغی خۆبژێوی.