بە ٨ هەزار نەمام ناوی زانکۆی سلێمانی دەنوسرێتەوە

زانکۆی سلێمانی بە ١٨ هەزار نەمام سەوز دەکرێت

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە پرۆژەیەکی سەوزکردندا لە ئەمڕۆوە بە سێ قۆناغ و لەماوەی سێ هەفتەدا نزیکەی ١٨ هەزار نەمام لەنێو زانکۆی سلێمانی دەچێندرێت و ناوی زانکۆکەش بە سەوزایی و درەخت دەنوسرێتەوە.

هێمن عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی سەوزکردنی زانکۆی سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لەسەر گردی بۆنەکان لەنێو زانکۆکە بە بەکارهێنانی نزیکەی هەشت هەزار نەمام ناوی “زانکۆی سلێمانی” بە درێژی ١٨٠ مەتر و پانی ٢٠ مەتر دەنوسرێت و نزیکەی ١٠ هەزار نەمامی دیکە لە شوێنەکانی دیکەی زانکۆکە دەچێندرێن.

“قۆناغێکی دیکەی پرۆژەکە دروستکردنی باخچەیەکی نافورەیە لەبەردەم دەروازەی سەرەکی زانکۆی سلێمانی،” هێمن عەبدوڵڵا وای وت.

تێچووی پرۆژەکە ٨٤ ملیۆن دینارە و ئەندامەکەی لیژنەی سەوزکردن دەڵێت، لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی پارەکە دابین دەکرێت.

بۆ نوسینەوەی ناوی زانکۆکە بڕی ٣٢ ملیۆن دینار و بۆ سەوزکردنی باخچەی نافورە ١٢ ملیۆن دینار و بۆ ١٠ هەزار نەمامەکەی دیکەش ٤٠ ملیۆن دینار تەرخانکراوە.

بە وتەی هێمن عەبدوڵڵا، بۆ نوسینی ناوی زانکۆی سلێمانی درەختێک لە جۆری “نەمامی مۆر” بەکاردەهێنرێت کە دەتوانرێت بە بڕین و هەڵپاچین قەبارە و شێوەکەی بگۆڕدرێت.

لە رواندنی زۆربەی نەمامەکاندا خوێندکارانی زانکۆکە هاوکار دەبن و جۆری زۆربەی نەمامەکان هەمیشە سەوز و چوار وەرزین و لە جۆری سنەوبەرن.