نابێت تەقەمەنی و یاری ئاگرین بفرۆشرێت

هەڵەبجە بۆ جەژن رێکارەکانی لە منداڵانەوە دەستپێکرد

964+

توانا نەقی

لیژنەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە هەڵمەتێکیان بۆ دەست بەسەرداگرتن و قەدەغەکردنی یاری ئاگرین و تەقەمەنییەکانی منداڵان راگەیاند.

ئەمڕۆ چوارشەممە، هەڵمەتەکە راگەیەندرا و ئەو تەقەمەنی و یاری ئاگرینی ناو فرۆشگا و مارکێتەکان بە مەبەستی ساغکردنەوەیان دەفرۆشرێت دەگرێتەوە.

دڵنیا فاروق ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەڵەبجە رایگەیاند، راگەیاندنی هەڵمەتەکە بەهۆی نزیکبوونەوەیە لە جەژنی قوربان، هەموو جۆرەکانی تەقەمەنی و یاری ئاگرینی منداڵان دەگرێتەوە.

وتیشی، ئەو جۆرە یاریانە دەبنە هۆی مەترسی بۆ سەر منداڵان و بێزارکردن و نیگەرانکردنی هاوڵاتیان لە رۆژانی جەژندا.

ئەوەش دەڵێت، هەر مارکێتێک یان هەر فرۆشگایەک ئەو جۆرە یاریانە بفرۆشێت، دەستبەجێ رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکەنەوە.