ساڵێکە کارکردن لە 60 مەترییەکەی چوارقوڕنە وەستاوە

هەواڵ
مەجید بتوێنی – چوارقورنە

پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 60 مەتری پشتێنەی چوارقوڕنە بەهۆی نەبوونی بودجەوە کارکردن تێیدا وەستاوە.

شەقامی 60 مەتری چوارقوڕنە، قۆناغی یەکەمی ساڵی 2022 دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە کارکردن تێیدا وەستاوە.

قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە بەدرێژی پێنج کیلۆمەتر لەسەر رووبەری 43 هەزار مەتردوجا بەبڕی 456 ملیۆن دینار پارساڵ کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام هەرزوو کارەکانی وەستا.

لەکۆی درێژی پێنج کیلۆمەتری رێگاکە کە کاری تێداکراوە، تەنیا 2 کیلۆمەتر و 400 مەتری رێگا لاوەکیەکەی دوو سایدەکە قیرتاو کراوە.

بە تەواوکردنی رێگاکە، ناحیەکە لە گرفتی هاتوچۆ رزگار دەکان، چونکە رێگای سەرەکی رانیە سلێمانی بەناو شارۆچکەکەدا تێپەڕدەبێت.

پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 60 مەتری دەوری چوارقوڕنە لەسەر بوجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، قۆناغی یەکەم لەساڵی 2022 دەستی بەکارەکانی کرد، بەهۆی نەبوونی پارەی نەختینە کارکردن لەپڕۆژەکە وەستاوە.

حسێن زرار سەرۆکی شارەوانی چوارقورنە بە 964ـی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژە وەستاوانەیە پارەی پتڕۆدۆلاریان بۆ سەرفنەکراوە لەناوچەکە، بەڵام لەسەرداهاتی شارەوانی چوارقوڕنە بە بڕی یەک ملیار دینار سایدی خەدەمی رێگاکە قیرتاوکرا و پڕۆپۆزەڵی رێگاکەش ئامادەیە تا لەئایندە کار لەسەر قۆناغەکانی تری بکرێت لە ئەگەری دەستپکردنەوەی پڕۆژەکان.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق