لە 6 رووداوی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە 2000 دۆنم پوش و پاوان سووتان

964+

فەهمی نەبی

بەپێی بەدواداچوونی 964، تەنیا ئەمڕۆ لە شەش شوێنی کوردستان زیاتر لە دوو هەزار دۆنم پوش و پاوان سووتاون.

ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ دووشەممە ئاگری لێکەوتوەتەوە، هەریەکە لە قەزای شارباژێڕ لە سلێمانی، ناحیەی ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ، قەزای کۆیە، ناحیەی سێوسێنان، ناحیەی شوان و قەزای پێنجوێن بوون.

رووبەری هەرە زۆری ئەو ئاگرەی ئەمڕۆ دووشەممە، لە قەزای شارباژێڕ بووە لە پارێزگای سلێمانی، کە زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی ئەو ناوچەیە سووتاوە و  نزیکەی 14 گوندی ناوچەکەی گرتووەتەوە و زیاتر لە 30 کاتژمێر بەردەوام بووە.

موقەدەم کارزان نوردەین، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی قەزای شارباژێڕ ئەمڕۆ دووشەممە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی پوش و پاوانی ناوچەکە سووتاون.

ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی هاوین، بەهۆی وشکبوونی گیای دەشتودەر، ئاگر لە ناوچە جیاوازەکان دروست دەبێت، ئەمساڵ بەهۆی زۆری رێژەی باران ئاستی گژوگیا زۆرتر بووە، ئەمەش بەوتەی بەرگری شارستانی کۆیە کە لەمەوبەر بۆ 964 لێدوانی دابوو.

ئەمڕۆ لە سنووری قەزای کۆیە سێ رووداوی ئاگر کەوتنەوە هەبووە، یەکێکیان لە گوندی سێکانی ناحیەی سێگردکان بووە کە چەندین دۆنمی پوش و پاوان سووتاون، ئەوەی دیکەیان لە گوندی قەسر لە ناحیەی شۆڕش بوو، رووداوی سێیەمی ئاگر کەوتنەوە گوندی قزلوی ناحیەی ئاشتی بوو، ئەمە بەگوێرەی راگەیەنراوی بەرگری شارستانی کۆیە.

لە چیای تەکیێی ناحیەی سێوسێنان لە پارێزگای سلێمانی ئاگر 500 دۆنم پوش و پاوانی سووتاند.

هەر ئەمڕۆ لە گوندی مەرزیخەی ناحیەی شوان، ئاگر لە پوش و پاوانی گوندەکە دروستبوو، بەڵام هەر زوو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا.

لە گۆڕستانی حاجی شێخ لە گەڕەکی بەرباخ لە قەزای پێنجوێن ئاگرێک کەوتەوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانی شارەکە کۆنتڕۆڵکرا.

964 بەدواداچوونیکردووە بۆ هۆکاری هەموو ئەو رووداوانە، سەرجەمی قسەکەرانی بەرگری شارستانی ئەو ناوچانە هۆکارەکان بۆ فڕێدانی پاشماوەی جگەرە و ئاگرکردنەوەی هاوڵاتیان دەگێڕنەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە بەردەوامە و هیچ کەسێک لەسەر ئەو بابەتە دەستگیرنەکراوە.