رێکەوتن نەخشەڕێگایەکی روونیان هەبێت

بەغداد و هەولێر لە کەرتی گەیاندندا هەماهەنگیی یەکتر دەکەن

فەرهاد حەسەن

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لەسەر ئاستی باڵا بڕیاریان دا هەماهەنگئ یەکتری بکەن و لەسەر چەند پرسێکیش رێکەوتن.

بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لە بارەگای سەرەکیی دەستەکە لە بەغداد، پێشوازیان لە ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە بەرپرسانی باڵای هەردوولا ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر دۆخی ئێستای کەرتی گەیاندن لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێم و باس لەو ئاستەنگە هونەری و رێکخراوەییانە کرا کە رووبەڕووی ئەم کەرتە دەبنەوە، لەگەڵ گەڕان بەدوای دەرفەتەکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هەموو هاوڵاتیانی عێراق.

سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەکەی عێراق جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەکانی نێوان دەستەکە و وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم کردەوە و رایگەیاند: “پێویستە هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان و کردنەوەی ئاسۆی نوێی هاوکاری.”

ئاماژەی بەوەشکرد کە دەستەی راگەیاندن، وەک لایەنێکی رێکخەر و سەربەخۆ، پەرۆشە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکی گەیاندنی پێشکەوتوو و خاوەن ستانداردێکی یەکگرتوو لە هەموو ناوچەکانی وڵاتدا دابین بکات.

لای خۆیەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم، ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک دەربڕی و پشتیوانی خۆی بۆ پێکهێنانی “لیژنەی هونەری هاوبەش” راگەیاند. وتیشی کە ئەم لیژنانە ئەرکی رێکخستنی دۆسیە بایەخدارەکان و بەهێزکردنی کەرتی گەیاندنیان لە ئەستۆ دەبێت، بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی بکات.

هەردوولا رێککەوتن لەسەر کاراکردنی کەناڵەکانی پەیوەندیی بەردەوام و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی روون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە هاوبەشەکان لە قۆناغی داهاتوودا.